بحث هذه المدونة الإلكترونية

الأحد، 22 مايو 2016

فـــــــــــــــــــاني (١٨٨٣ - ١٩٨٣ز (١)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ناوی تەواوی (مەلا حوسێن شێخ سەعدی فەیزوللا)یە .. لەساڵی ١٨٨٣ز لەگەرەکی (خانەقا) لەباوەشی خانوادەیەکی ئایینیدا پێ ناوەتە ژیان ..مەلا حوسینی هەولێری لەناو فەقێ و مەلایاندا بە (مەلا حوسێنی موفەسییر) ناوی رۆیشتوە چونکە یەکەمین مەلای کوردە بەکوردی واتاکانی قورئانی پیرۆزی تەفسیر کردووە ، لەبواری شیعریشدا تەخەلوسی ((فانی )) بۆ خۆی هەلبژاردووە کە زاراوەیەکی سۆفیانەیە ، بە مانای تیاچوون لەناو زاتی پەروەردگار ( الفناء فی اللە).
فانی هەر لەتەمەنی شەش سالیدا دەخرێە بەر خوێندنی قورئانی پیرۆز و هەندی وردە کتێبی سەرەتایی دەخوێنی لە لای مەلا (محمەد ئەفەندی حاجی حەوێز) لەمزگەفتی گەورەی بازار ،پاشان لەلای( مەلا عەزیزی دەربازی ) لەهەمان مزگەفت ، هەروەها لەلای حاجی مەلا سەعید ئەفەندی دەخوێنی و (صحیحی بوخاری)ش لە خزمەتی ( شیخ ئەسعەد ئەفەندی نەقشبەندی هەولێری) خوێندووە .
فانی بۆ تەواو کردنی زانستەکان روو لە کۆیی و رواندز و سەکتان و هیران نازەنین دەکات لەمەلایانی کۆیی سوود لە ( مەلا عەبدوللا جەلی زادە) و (مەلا صادق ئەحمەد) و لەسەکتانیش لە (مەلا ئەحمەدی خەلیفە) و لە گوندی ( بێشێ)لە (مەلا ئیبراهیم) وەردەگری. لەاڵی ١٩٠٧ز لەلای ( مەلا ئەفەندی) ئیجازەی عیلمی وەردەگری و دەبیتە مەلایەکی دوازدە عیلم .
فانی لە قۆناغی خوێندنی لەگەل ژمارەیەکی زۆر لە خوێندەوار وفەقێیان ئاشنایی پەیدا کردووە ، لەوانە (ئەحمەد ناجی ئەفەندی ) و ( حاجی مەلا عەبدوللا کونەفلوسی)و(حاجی مەلا کەریم ئەفەندی).
پاش تەواو کردنی خوێندن ،تا ساڵی ١٩٣٠ لەگوندەکانی (قەپلان)ی عەلی خورشید دزەیی و(سیاو) و ( خورمەلە) و (سوورێژە) مەلایەتی کردووە و دەرسی بە فەقێیان گووتوە.. دواتر لەگوندی ( دووگردکان)ی محەمەد ئەمین بایز ئاغای دەزەیی بۆ ماوەی ١٧ ساڵ تا ساڵی ١٩٤٧ دەگیرسێتەوە .
فانی لەساڵی ١٩٢٠ کە لە گوندی(سیاو)ی حەبیب ئیبراهیم ئاغا دزەیی وموشیر ئاغای دەزەیی مەلا بووە ،بە یارمەتی ئەم دوانە ژن دەهێنی ، ژنەکەی ناوی ( خەدیجە کچی محمەد رەسول) بوو کە خوشکی ( مەلا شاکری باوکی مالیکە) (٢)
(((ماویەتی))) حاجی /عەبدولهادی قەساب
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١- ئەنسکلۆبیدیای هەولێر /فانی مەلا حوسێن شێخ سەعدی هەولێری (١٨٨٣-١٩٨٣ز)/دکتۆر عەبدوللا حەداد / ل٣٤٠٧.
٢- مالیک : دەکاتە خەزووری حاجی شەوقی جەمیلی حەملەدار.. جاران دوکانی هەبوو لەناو قەلات لای دەرگای گەورە ، پاشان دوکانەکەی گواستەوە بۆ رێزە دوکانەکانی مزگەفتی (حاجی بەکر زێرنگر) لەرێ ی ئیسکان .

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق