بحث هذه المدونة الإلكترونية

السبت، 14 يناير 2017



چیرۆکی عەقیدی پۆلیس (مافپەروەر ) حوسێن مەولود شیروانی (*)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
نووسینی /لیوای پۆلیسی مافپەروەر /محی الدین محمد یونس
وەرگێر / عبدالهادی رحمان سلیمان (کاکۆ)
 
لە ٨ی شوباتی ١٩٦٩ کۆلیجی پۆلیسیم تەواو کرد و پلەی (مولازمی پۆلیس)م درایێ و ناردرامە فەوجی دەیەمی لیوای دووەمی پێکهاتەکانی هێزی پۆلیسی گەرۆک ، شوێنی ئەم فەوجە ،لە ( شیوەسۆر) بوو ،کە دەکەوێتە نێوان ناحیەی (شوان) و(تەقتەق) ، ئەرکی ئەم فەوجە پاراستنی بەشێک لە رێگای ( کەرکوک -کۆیێ) بوو ، پاش بلاو بوونەوەی ( ریککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠) و راوەستانی شەر لەناوچەی باکوور ، کەرتە سەربازیەکان و پۆلیس لەوێ کشانەوە - فەوجی ئێمەش لەگەلیان - بۆ پارێزگای بەغداد و پاش ئەو بە ماوەیەک گواسترامەوە بۆ (هۆبەی راوێژکاری یاسایی )لەبارەگای لیوای ناوبراو .
لە ناوەراستی ساڵی ١٩٧١ ،عەقیدی پۆلیس (حوسین مەولوود شێروانی ) گواستراوە هەمان فەرماندەریەتی (آمریة) و وەک بەرێوەبەری کارگێری دانرا، من پێشتر نەمدەناسی ، بەلام بە حوکمی ئەوەی کە خەلکی پارێزگاکەمە (هەولێر) ، چوومە لای و خۆم پێشکەش کرد بە کوردی قسەم لەگەل کرد و ئامادەیی خۆمم نیشان دا بۆ جێبەجێ کردنی هەر کارێک پێم دەسپێری ،کە ماوەیەکی درێژە لێرە کارم کردووە ، بەسەرسامیەوە پێی گووتم :(وەرە دانیشە ...تۆ خەلکی کوێی؟) ،کە گووتم ( هەولێر) لە خانوادەکەم و خزمەکانمی لێپرسیم .. پێم ووت ئێمە دەمێکە لە بەغداد دەژین لە ساڵی ١٩٥٠ وە ، پاش ئەوەی باسی خزمەکانم بۆ کرد ، بۆم دەرکەوت کە پەیوەندیەکی باشی لەگەل خالم (شێخ محمد رسول خەلیفانی) هەیە ..... پەیوەندیم لەگەڵیدا بەردەوام بوو و ناوە ناوە سەردانم دەکرد ،لەبەر کارمان لەیەک دەزگادا .
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٧١ هۆبەی هەوالگری لەدەزگاکەمان ئاگاداری کردینەوە کە ،عەقید (حوسین مەولوود شێروانی) ، بە بریاری سەروو ، لە ژووری خۆی دەستبەسەرە وکەسێک لە دەزگا بۆی نیە سەردانی بکات ویا ئاوەری لێبداتەوە وەیان چاوی پێبکەویت و ئەوەی سەرپێچی بکات خۆی تووشی لێپرسینەوە و سزای توند دەکات .
دەستبەسەر کردنەکە چەند رۆژێکی خایاند بێ ئەوەی هۆیەکە و لایەنەکە بزانرێت کە ، ئەو فەرمانەی دەرکردووە ، من لەو ماوەیە لەپێش ژوورەکەی هاتوچۆم نەدەکرد تا نەمبینی ، رۆژێکیان - کە دوا رۆژی دەستبەسەری بوو لە دەزگا و دوا هەنگاوی ژیانی بوو- لە گۆرەپانی بەرامبەر ژوورەکەی هاتوچۆم دەکرد بە دووریەکی زۆر ، بینیم پەنجەرەی کردەوە و بەدەنگی بەرز هاواری کرد :(( مولازم محی الدین))، لەجێ ی خۆم رەق راوەستام و وەلامم دایەوە : ((بەڵێ گەورەم))... گووتی ((وەرە)) نەمدەزانی تۆ بەو راددەیە ترسنۆکی .هەلوێست وەرگرتن ناخۆش بوو ،نەمدەزانی چی بکەم ، بچمە لای ؟ ،ئەگەر بچم چیم لێ دەکرێ ، وەیان داوای لێبوردن بکەم ، هەرچیەک بیت ، هەلوێستم وەرگرت و چوومە لای و سەلامێکی سەربازیم لێ کرد و ماچم کرد و لەگەلی دانیشتم .. وورەی زۆر بەرز بوو و متمانەیەکی گەورەی بە خۆ هەبوو، زرەدەخەنە لەسەر لێوەکانی وون نەدەبوو کاتی پێ ی ووتم :(( محی الدین ...من بێ تاوانم و هیچ تاوانێکم نەکردووە ، من دڵنیام کە لەو کێشەیە پاش چەند رۆژێک رزگار دەبم ، بۆ لەسەردانم سست بوویەوە لەو کاتەی کە پێویستیم بەتۆ هەیە لەم بار و دۆخەدا ، گلەیی لە ئەوانی تر ناکەم ، بەڵام گلەیی لەتۆ دەکەم چونکە خەلکی شارەکەمی ،لەوانەیە پێویستیم پێت هەبێت لە کارێکدا و تا ئەو کێشەیەی کە لە پێناویدا دەستبەسەرم، کۆتایی دێت ، کێشەکە ئاسان وخەریکە تەواو دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا ، بەڵگەش ئەوەیە کە کە لە ژووری خۆم حجز کراوم لە دەزگا ودەرگا و پەنجەرەکان کراونەتەوە وبەبێ پاسەوانی کردن (( .
کە لەنزیکی دانیشتببووم و گوێم لە ووتەکانی رادەگرت و سەیری دەم و چاوم دەکرد ، بەلام هۆش و بیرم لەلایەکی تر بوو ، ئایا چیم لێ دێت لەو بەرپێچیەی کە لەفەرمانەکانی دەزگام کرد .. نیو سەعات لەلای دانیشتم و هەستم دەکرد کە بەقەد چەرخیک دانیشتوومە ، نەمدەتوانی بەجێ ی بهێلم چونکە بەردەوام بوو لە ئاخافتن لەسەر بوارە جۆر بە جۆرەکان و بار و دۆخی ئاسایی بوو و هیچ لەدەم و چاوی دیار نەبوو کە دەترسی وەیان دڵتەنگە .
سەعات دووی پاش نیوەرۆ لەژوورەکەی دەرچووم و پاش ئەوە بە سەعاتێک ، مەفرەزەیەک لە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هانە دەزگاکە ، بە دوو ئوتومبێلی صالۆن بە تابلۆی مەدەنی و لە چەشنی مارسیدس ، پاش ئەوەی بەرپرسی مەفرەزەکە چووە لای بەرپرسی دەزگا ( فەرماندەی هێزی گەرۆک) ، عەمید (عبدالودود محمد بسیم) بۆ ئەوەی ئاگاداری بکات لەو ئەرکە کە بۆی هاتوونە ، هەردوو ئوتومبێلیان لە پێش ژووری خوالێخۆشبوو راگرت ، کە سواری یەکیان کرا و جانتایەکی بچووکی لەدەست بوو ، بردیانە شوێنێک کە هیچ داب و نەریتی ئەخلاقی و مامەلە کردنی مرۆیی تێدانیە ، لەوانەیە هەست و نەستی خوالێخۆشبوو گۆرا بیت کاتی سواری ئوتومبێل کرا لەگەل ( جەلادەکانی) ، و هەستی بە ترس و دڵەراوکی و پەشیمانی کرد ، کە رێگایەکی تری خۆ رزگار کردنی نەگرتە بەر چاو کە ، دیتوانی لە دەزگاکە بە ئاسانی را بکات ، چونکە هیچ چاودێریەکی توندی لەسەر نەبوو، دەیتوانی لە سەر دیواری دەزگاکە پاز بدات و بگاتە سەر جادە و کۆلانە تەسکەکانی پشتیەوە ی ناوچەکە و شوینەکانی نزیک کۆلیج کە ناوچەکانی ( سەعدون) و ( باب الشرجی)و (جادەی شێخ عومەر)و لەوێ شوێنێکی حەشار بوون بدۆزیتەوە بەشێوەیەکی کاتی و تا ئەو کاتەی پلانی دەرچوونی بۆ کوردستان تەواو دەبوو . .
   
      
    لەو کاتەی ترسم لێ کەوت ، زۆری پێ نەچوو رەئیس عورەفا (صبحی) لە هۆبەی هەوالگری داوای لێ کردم لەگەلی بچمە لای بەرێوەبەری هەوالگری عەقید(ئیسماعیل مەلا حەوێش) و لەرێگا بۆ ژوورەکەی لە (صبحی)م پرسی : ها چ بووە؟ وەڵامی دامەوە :(( گەورەم چ بووە چیە ؟ تۆ چیت کرد ، ئاگادار نەکراون کە نەچنە لای عەقید حوسین شێروانی ... گەورەم ... تەنها خودا دەتوانی رزگارت بکات چونکە ئەو کابرایە خراپ لێ ی قەوماوە .. تۆ بۆ خۆت لەگەلی تووش کرد)) .
جوومە ژووری بەرێوەبەری هەواڵگری ، بینیم ئەفسەری هەوالگری مولازم (قەیس نەجیب) لەلای دانیشتوە ، سەلامی سەربازیم بۆ بەرێوەبەر کرد و گووتی ::( وەرە مولازم محی الدین .. ئێمە ئاگادارمان نەکرد ی کە ، سەردان و چاوتان بە عەقید حوسین شێروانی نەکەوی) ووتم ::( بەڵێ  گەورەم ئاگادارتان کردین ... بەڵام عەقید بانگی کردم و نەمتوانی نەرۆم ) گووتی :(باشە لە سەعات ١١،٥ تا سەعات ١٢ ، باسی چیتان دەکرد و داوای چی دەکرد ،باسمان بۆ بکە ) گووتم :(گەورەم قسەکان ئاسایی بوون و عەقید باسی شتی گرنگی نەکرد و داوای هیچی لێ نەکردم ) ، بەردەوام بوو لە دەمەقاڵی لەگەڵم لەسەر ئەو قسانەی لە نێوانمان کراوە و منیش هەر ئینکارم دەکرد و دەمگوت قسەکان ئاسایی بوون و هیچ پەیوەندیان بەسیاسەت و کار و باری ئاسایشی نەبوو .. لەو کاتە داوای لە مولازم (قەیس)ی کرد :(هەلسە نووسراوی حەوالەی بۆ بکە بۆ ئاسایشی گشتی و تیایدا باسی چاوپێکەوتنی مولازم محی الدین بە عەقید حوسین بکە ئەمرۆ لە سەعای ١١،٥ تا ١٢ سەرەرای ئاگادارکردنمان بۆی و نازانین چی روویداوە لە نێوانیاندا ،وا دەینێرین تا لێکۆلینەوەی لەگەڵ بکەن ((.
مولازم (قەیس )لەژوورێکی هەوالگری داینام و لە دەرەوە دەرگای کلیل دا ، تۆزکاتێکی سەخت دەژیام و بیرم لەوە دەکردەوە ،کە چیم بەسەر دێت ، پرسیار و وەلام لە مێشک و هزرم کۆ دەبوونەوە ...
بە تأکید شتێکی ناخۆش لە چاوەرێمە ... بەڵام من هیچم لێ ناکەن ، هێچ تاوانێکم نەکردووە ....بەلام من چۆن تاخمی ئەو پیاوە (نازم گزار)ە قایل بکەم کە من بێتاوانم ...ئەگەر هێچ تاوانێکیش لەسەرم نەسەپێنرێ ، ئەوا لەو دەزگایە(ئاسایشی گشتی) بە نیوە مرۆڤ یان کەمتر دەردەچم ...دوا رۆژی خانوادەکەم چی لێ دێت ؟

    لەو کاتەی دا کە ئەو بیرانەم دەکرد ، مولازم (قەیس) دەرگای ژوورەکەی کردەوە و داوای لێ کردم کە هەلسم لەگەلی ، منیش پێم گووت :((ها مولازم قەیس ،دەمبەنە ئاسایشی گشتی )).
وەلامی دامەوە :(( یەمعەووەد ، یەک سەعاتە دیفاعت لێدەکەم ... وەرە بەرێوەبەر تۆی دەوێ ))... چوومە ژوورەوە تا گەیشتمە بەرامبەری بەرێوەبەر کە لە پێوە وەستا بوو و گووتی :- ((مولازم محێ الدین ، لەتۆمان پرسی ، هەموویان ستایشت دەکەن، بەتایبەتی مولازم قەیس ، دەمەوێ یارمەتیت بدەم بەلام ئەگەر ئاسایشی گشتی داواتی کرد ،هیچم پێ ناکرێت)) سوپاسی ئەو هەلوێستە مرۆییەم کرد کە هەرگیز لە بیری ناکەم . پاشان پرسیاری کرد :(مولازم محی الدین ... تۆ بەعسی یان نەء )) وەلامم داوە :( نەخێر بەعسی نیم )،
 
مولازم قەیس وەڵامی داوە : (( گەورەم .. هەرچەند پێ ی دەڵێین وەرە ببە بەعسی دەڵێ من کوردم چۆن ببمە بەعسی )) ... بەرێوەبەر وەلامی داوە :(( مولازم قەیس بیبە دۆسێیەکی حزبی بۆ دروست بکە ، هیچ نەبی بتوابین بەرگری لێ بکەین ))
دەرچووم لە ژووری بەرێوەبەری هەوالگری هێزی گەرۆک عەقید (ئیسماعیل مەلا حەوێش) ،کە لە بنەماڵەیەکی بەغدادی چاک و خێرخواز بوو ، بەیاوەری مولازم قەیس کە دۆسێیەکی حزبی بۆ دروست کردم ،کە ئەو رۆژە هەرگیز لەیاد ناکەم ،کە کاریگەر و چارەنووسی بوو لەژیانم کە رۆژی ١٩٧١/١١/٥ بوو.
خوێنەری بەرێز.. ئێستا بگەرێینەوە سەر چارەنووسی ئەو پیاوە ،لەو گەشتە بەد رۆییە و کەمێک باسی ژیانی بکەین .

    (حوسێن مەولود نەبی شێروانی ) لەساڵی ١٩٣٠ لە بنەماڵێکی فەللاحی لە شاری هەولێر لەدایک بووە . بنەماڵەی لە ناحیەی شێراون مەزنی سەر بە قەزای مێرگەسۆر هاتوونە هەولێر .
باوکی لە کۆڵانەکی تەسکی گەرەکی خانەقا لە هەولێر لەکاتی گەرانەوەی لەبازار کوژراوە ، ئەویش بەهۆی دەست درێژی کردنی دوو سەرخۆش لەسەر ئافرەتێک ،کاتێک ئافرەتەکە هاوار دەکات و داوای بەهانا هاتنی دەکات ، ئەویش ئەو شتانەی کە لەبازار کریوەتی دادەنی و دەچیتە هانای ئافرەتەکە و لەگەل سەرخۆشەکان دەکەویتە شەڕەدەست ،لەدواییدا یەک لە سەرخۆشەکان چەند چەقۆیەکی لێدەدات و دەیخاتە عاردی و بەهۆی خوێن رۆیشتنێکی زۆر ،گیانی لەدەست دەدات .
تاوانبارەکان هەڵدێن و ئافرەتەکە رزگار دەبیت لەدەستیان ، بەلام پاش ئەوەی خوالێخۆشبوو مەولود گیانی خۆی دەکاتە قوربانی و لە دوای خۆی ، خێزنێکی بەجێ دەهێلی کە پێکهاتووە لە کورە گەورەی (ئیسماعیل ) و کورە کچکەی (حوسین) وخۆشکە تاقانەکەیان کە ،پاش ماوەیەکی کورت لە کوژرانی باوکیان کۆچی دوایی کرد .
خوالێخۆشبوو ( ئیسماعیل) بە ئەرکی بەخێو کردنی ئەو خێزانە هەڵسا و هانی (حوسێن)ی دەدا کە بەردەوام بیت لە خوێندن تا قۆناغی ئامادەیی تەواو کرد بەنمرەیەکی بەرز کە دەیتوانی لە هەر کۆلێجێک بیەوێ وەربگیرێت ، بەڵام ئەو ، کۆلێجی پۆلیسی هەلبژارد لەبەر دوو هۆ ، یەکەمیان رووداوی کوژرانی باوکی بوو کە ،ویستی ببێتە ئەفسەری پۆلیس و دادپەروەری بسەپێنی کە باوکی بە غەدر کوژرا و پۆلیس نەیتوانی تاوانباران کەشف بکات و هۆیەکەی تریش ئەو بارە ئابووریە ناخۆشەی کە بنەماڵەکەی تێیدابوون ،کە خوێندنی کۆلێج لەو کاتەدا پێویستی بە مەسرەفێکی زۆر هەبوو، کەچی مەسرەفەکانی خوێندن لە کۆلێجی پۆلیس ،لەسەر دەولەت بوو ، کە پێداویستیەکانی خوێندن لە خواردن و جل ە بەرگ و نووستن و مەسرەفی گیرفانی دەدا . 
لەساڵی ١٩٤٨ لە کۆلێجی پۆلیس وەرگیرا لە خولی (٥) و لەپاش سێ ساڵ واتا لەساڵی ١٩٥١ کۆلێجی تەواو کرد و لە وەرگرتنی پلەکانی پۆستی پۆلیسی بەردەوام بوو وە لە زۆر لە دەزگاکانی پۆلیس کاری کرد لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق وەک :(بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای بەغداد ، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزای رواندز ، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی نەفتی کەرکوک ، قوتابخانەکانی پۆلیس ، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای (حللە)( بابل) ، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ، فەرمانرەوایی هێزی پۆلیسی گەرۆک ).

       لەساڵی ١٩٦٨ فەرمانی دامەزراندنی دەرچوو وەک بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و لەم پۆستە بەردەوام بوو تا رێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ، ئەم ماوەیە قۆناغێکی زێرین بوو بۆ خزمەتی ووڵات ، لەم قۆناغەدا هەموو هەوڵ و توانای لە خزمەتی هاولاتیان رەخساند و هەتا جار و بار بەخودی خۆیی کارەکانیانی جێ بەجێ دەکرد بێ فەرق و جیاوازی ، بەرهەمی ئەو هەولانەی پەیدا بوونی شێوەیەکی نوێی پەیوەندی لە نێوان دەزگای پۆلیس و هاوڵاتیان دروست بوو لە پارێزگا ی هەولێر، بەم شێوەیە رێز و ناوبانگی بتەو تر و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکە فراوانتر بووەوە .
پیاوێکی بەهیوا و جەربەزە بوو ، ئەوە ش لە هەوڵدانی بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و زانستی خۆی، رۆن و دیار بوو ، کە توانی ئەو بروانامانە وەرگری :-
-
بەکەلۆریۆس لەزانستی پۆلیسی لەکۆلێجی پۆلیس ١٩٥١ بەغداد .
-
بکەلۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی لە پەیمانگەی زمانەکان ١٩٦٤ بەغداد .
-
بکەلۆریۆس لە یاسا لە زانکۆی موستەنسریە ١٩٦٨ بەغداد .
-
لەساڵی خوێندنی ١٩٦٩- ١٩٧٠٠ لە ماجستێر لەیاسا وەرگیرا لە زانکۆی قاهیرە - بەلام خوێندنی خۆی تەواو نەکرد بەهۆی دەستگیر کردن و شەهید بوونی .
لەگەل کۆمەڵە ئەفسەرێکی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس و ئاساییشی گشتی ناردرا بۆ ئەمەریکا لەماوەی نیوان ١٩٥٨/٦/٢٠ و ١٩٥٠/١/٦ و لە ئەکادیمیای پۆلیسی نێو دەولەتی لە واشنتۆن بروانامەی دبلۆمی بنەرەتی لە زانستی لێکۆلینەوەی جینائی وپسپۆریە پۆلیسیەکانی تری پێدرا .
کۆتایی تراجیدی :-
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
پاش ئەوەی باسی زیاننامەی ئەو کەسایەتیەمان کرد دەگەرێینەوە سەر چارەنووسی لە ماوە ی گیرانی لە (قەسری نیهایە) کە دەستگیر کرا لەلایەن هەیئەتی دووەمی لێکۆلینەوەی سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی کە ( نازم گزار) بەرێوەی دەبرد ، و لەوێ ناشیرینترین و توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درا کە کەس بەرگەی ناگریت لە ماوەی ساڵێک ، ولە بەرواری ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی ناردرا بۆ شاری هەولێر لەگەڵ وەفاتنامەی کە تیایدا نووسراوە م هۆی وەفاتی (مردنێکی گومانلێکراو ) ،نازانین چۆن مردن گۆمانی لێ دەکرێت لەو گرتووخانەیە و لەناو ئەو تاخمە ئەهریمەنانە کە تاوانباری خوێن مژ ( نازم گزار) لەسەرەوەیان بێت ،بێ ئەوەی هیچ بریاری دادگە دەرحەقی دەرکرا بیت .
       وەفاتنامەی خودا لێخۆشبیت :-:-\
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لەساڵی ١٩٨٩ بەپێی داوای کەسوکاری ، وەفاتنامەیەکی نوێ ی بۆ رێکخرا و بە هەمان بەرواری وەفاتی ،تیایدا رێکخەرەکان هۆی وەفاتیان نووسی (پەتای نەخۆشی .آفة مرضیة)، لەوانەیە وایان نووسیە کە ، کەسوکاری مافەکانی خانەنشینی وەرگرن ، بێ ئەوەی باسی چەشنی پەتاکە بکرێ و ئایا ئەو پەتایە بەتەنها ئەو تووشی بووە وەیان گیراوەکانی تریش لەو جێگایە تۆقینەرە ... هەر چیەک بێت ، هەر دوو زاراەی (مردنی گومانلێکراو ،پەتای نەخۆشی) ئەوە دەگەیەنن کە لەو رۆژگارەی مێژووی عێراق، ئەو مرۆڤە بە ئەشکەنجەدانێکی درندانە کوژراوە و نووسینی هەردوو وەفاتنامە بەم شێوەیە لە لایەن سەرچاوە تەندروستیەکان لەگەل ویستی لایەنە ئەمنیەکانی گونجاوە کە ، لێکۆلینەوەیان لەگەڵ کردووە بۆ ئەوی خۆیان دوور بخەن لەبەرپرسیاریان لەو تاوانەی کوشتنی ،لەو کاتەی کە دەیانەویست بە زۆر دان بنێتە تاوانێک کە نەیکردووە و چەخت کردنی لەسەر بێ تاوانی و هەلنەستانی بە جێ بەجێ کردنی تاوانێک کە یاسای جینائی بە تاوانی دابنێت .
لەراستی دوور ناکەوین کە بڵێین ، ئەگەر تەرمەکە بسپاردرایە لێژنەیەکی پزیشکی پسپۆر ،پێش مردنی و بەبێ دەست تێوەردان و کارلێکردنی دەسەڵاتە ئەمنیەکان ، ئەوا ئەنجامە کانی نۆرین وشێکردنەوەی تەرمەکە ، ئاشکرای دەکرد بەبێ شەک کە ، غەدر لێکراو رووبەرووی ئەشکەنجەیەکی ماددی و دەروونی بێ سنوور کراوە کە لە جەستەکەی شوێنەوار ونیشانە هەبوو ،کە کەسوکاری و خزمەکانی بینیان لە کاتی وەرگرتنی تەرمەکە .
کە باسی ئەو جێگایە دەکەین کە ، ئەو پیاوە تیایدا تووشی نەهامەتی بووە و کۆتاییەکەی لەوێ بووە ،پێمان باشە ئاور بدەینە نووسراوێکی دراوسێەکی لە ( گرتووخانەی قەسرولنهایە) و لە هەمان شوێن (عبدالحمید العباسی) کە لە کتێبەکەی (لاپەرە رەشەکان لە بەعسێ عیراق - صفحات سوداء من بعث العراق) لاپەرە ١٠٨ ، کە باسی دەستبەسەرەکان دەکات و لاپەرەیەکی تەرخان کردووە بۆ باسی خودالێیخۆشبیت (حوسین مەولود شێروانی) کە دەلێ :-

(( زۆر لە بەندکراوەکانی قەسری نهایە لەدەستی نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی تر دەناڵن کە پێویستیان بە چاودیری تەندروستی و خواردنی تایبەت هەیە و ئەو چاودێرییە لە لەهەموو کەلەنەکانی دونیا هەیە ، بەڵام لە قەبرەکانی قەسری نهایە نیە بۆ بەندکراوان .
زنزانەی ژمارە ١٧ بەرامبەرمان ، عەقیدی کورد حوسێن شیراونی بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێری تێدابوو کە نەخۆشی شەکرەی هەبوو ، پیاوێکی سەنگین و بە ئەدەب و رەوشت بەرز بوو ، هەندێ جار گوێم لە قسەکانی دەگرت لە پشت دەرگاوە ، کە لەگەل دارو دەستەی بەدەکان بەدەنگێکی هێمن پێیانی دەگووت : من نەخۆشم ریگام بدەنی بە کەس و کارم بڵێم خواردنی تایبەتی نوینم بۆ بنێرن ؟ وەڵامیان دەداوە : بمرە بمرە . کەس و کارت جل وبەرگ و خواردن و نوینت بۆ دێنن ،ئێمە دەیانگەرێنینەوە و پێیان دەڵێین گیراومان لەلا نیە بەو ناوەی ..وەکاتی نەخۆشیەکەی زۆر پەرەی سەند بەشێوەیەک هیوای باش بوونی نەما ،لە قەسری نهایە دەریان هێنا و بەردرا وپاش مانگێک کۆچی دوایی کرد و خەلکی هەولێر بەمە دەزانن )).
ئەمە شاهێدیەکی زیندووە لەسەر ئێش و ئازاری خوالێیخۆشبیت لە قەسری نهایە کە یەک لە گرتووەکان دەکێریتەوە ، کە پاش چەند ساڵیک لەزیندان رزگار بوو ، و ئەو کتێبەی لەچاپ دا ، و هەڵەیەکی بێ مەبەستی کردوە ، کە دەڵێت لە قەسری نهایە دەریان هێنا و بەردرا ، راستیەکە ئەوەیە . بەرنەدرا بەلکو لەقەسری نهایە گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیاری تر ، لەوێ کۆچی داویی کرد و تەرمەکەیان بۆ کەس و کاری رەوانە کرد .
ژیانی ئەو مرۆیە ساکار و هێمن و رەوشت چاکە بە توومەتێکی بەتاڵ کۆتایی پێ هێنرا ،ئەویش کە ، گوایە رێی خۆش کردووە بۆ هەڵاتنی (عبدالجبار الدلێمی) بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆ ئێران ، بەم شێوەیە کۆتاییان بە هەموو هیوا و ئامانجەکانیان هێنا ، لەو کاتە کە لە لوتکەی بەرهەمهێنان و خزمەتکردنی بوو ، لە تەمەنێ ٤٠ ساڵی و بنەماڵەکەیان کە لە خێزان و چوار کور و کچی تاقانەی بێبەش کران لە لەسۆز و بەزەیی باوک کە هەموویان لەو کاتە ساوا بوون .
پێشوازیەکی فەرمی ومیللی گەرم لە تەرمەکەی عەقیدی پۆلیسی مافبەروەر (حوسێن مەولود شێروانی ) کرا لەشاری هەولێر و هەموو چینەکانی جەماوەری پارێژگا و بەرپرسانی دەزگاکانی پارێزگا و فەرمانبەرەکان بەشداریان کرد لە رێ و رەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی پێرۆزی لە گۆرستانی (ئیمام محمد ) لە هەولێر و هەروەها پرسە لە زۆر شوێنی شاری هەولێر و قەزایەکانی بۆ دانرا .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*)
بڵاو کراوەی گۆڤاری (گاردینیا)/سەرٶکی نووسین /جلال چەرمەگا  ٢٠١٦/١١/٢٤
ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏9‏ أشخاص‏، ‏‏‏‏أشخاص يقفون‏، ‏زفاف‏‏ و‏في الهواء الطلق‏‏‏‏
ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏3‏ أشخاص‏، ‏‏‏أشخاص يقفون‏ و‏في الهواء الطلق‏‏‏‏

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق