بحث هذه المدونة الإلكترونية

الجمعة، 1 يوليو 2016



رووداوەکەی یانەی ئازادی لە ١٤ گەلاوێژی ١٩٦٢(١)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 یانەی ئازادی لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٦٠ دامەزرا . لەرۆژی ١٤ی گەلاوێژی ١٩٦٢ بەبۆنەی یادی دامەزراندنی ، ئاهەنگێکی ئێوارەیی لە یانە ساز درا .. خەلکێکی  زۆر لە کەسایەتی و بەرپرسانی ئەوسا ئامادەی بوون ،لەوانە ( بەدرەلدین علی) موتەسەریفی هەولێر .
  زۆر لەهونەرمەندانی بەغداش بەشداریان کردبوو ... یەک لەبرگەکان  کۆمەک کۆکردنەوە بوو بۆ یانەی ئازادی ،کە ئەو بەرنامەیە دەستی پێکرد، محمد حەسەن دزەیی لەسەر شانۆ وەستا  بەمایکرۆفۆن بری کۆمەکەکەی ئاشکرا دەکرد ، لەناکاو تەقە دەستی پێکرد لە پشت هێلی شەمەندەفەر کە لەنێوان یانە و یاریگای وەرزشی ئیدارەی خۆجێ یەتی رەت دەبوو .
   ئەو کاتە ئاژاوە و بەزم و رەزم لەنێوان ئامادەبوان پەیدا بوو ، هەندێکیان چوونە ژێر مێزەکەیان و هەندێکیان خۆیان لە ئاودەست و گەرماو شاردەوە و هەندێکیان لەناو جۆگەلەکانی باخچەی یانە لەناو قوراو درێژ بوون  ..ئەو گوللانەی کە ئاراستەی یانە دەبوون لە حەفت یان هەشت گولە زیاتر نەبوون ،بەلام پاسەوانانی موتەسەریف بەسەدان گولەیان دەهاویشت بەبی ئامانج.. مودەررەعەیەکی موتەسەریف وئەفسەرەکان لەپێش یانە وەستا بوو  رەشاشێکی لەسەر بوو بۆ هەموو لایەک تەقەی دەکرد.. ئافرەتەکان لەسەربانی مالی محمد حەسەن دزەیی و خانوەکانی دەوروبەری یانە دەستیان بە نەعلەو و قیژاندن کرد و هەلدەهاتن ، هەندێکیان بێ عەبا بەپێخواسی هەلاتن .
    هەندێک لەئەفسەرەکان خۆیان لەژێر مێزەکان شاردبوەوە . موتەسەریف هەولی دا بێتە دەرەوەی یانە تا پاسەوانەکان بوەستێنی لەتەقە کردن ،بەلام هەندێ فەرمانبەر رێیان لێ گرت ، بەلام ئەو دەیگووت ،ئەگەر لەتەقە نەوەستن ئێمەش دەکوژن ، پاش نیو سەعاتی ئەو بەزمە، دۆخەکە ئاسایی کرا و هەر کەس گەراوە جێگای خۆی وبینیمان یاریدەدەری موتەسەریف(حسن علو القیسی)- کە کەوتبووە ناو حەوزی بەفراوی بیبسی سارد کە ، پر بوو لەبەفر –هەموو جلی تەر بووبوو ودەلەرزی لەسەرمان ، نەمان دەتوانی پێبکەنین ،نەوەک والێکی بدەنەوە کە دەستمان لەم رووداوە هەیە و پەیوەندیمان بە پێشمەرگە هەیە ، ئەو رووداوە لەو کاتە بوو کە حکومەت رایگەیاند کە (یاخی بوون کۆتایی پێ هات ) کە چی کرداری شۆرشگێران پەرەی سەند و گەیشتە ناو جەرگی شار ولەپێش جاوی موتەسەریف و گەورە بەرپرسان جێبەجێ کرا .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) لەکتێبی /احداث عاصرتها/ محسن دزەیی وەگیراوە .

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق