بحث هذه المدونة الإلكترونية

الخميس، 9 فبراير 2017

دەستگیرکردنی باوکی ( حاجی جەمیل قەپقابچی ) :- (*)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
حاجی جەمیل قەبقابچی (١٩٠٤-١٩٩٦) لەبارەی دەستگیر کردنی (حاجی ئیبراهیمی ) باوکی دەڵێت :-
لەساڵی ١٩١٤ جەنگی یەکەمی جیهانی دەستی پێکرد و رەش بگیری لەهەولێردا دەگەرا و خەلکێکی زۆر دەستگیر دەکرێن بۆ ئەوەی رەوانەی شەری ( سەفەر برلوک} بکرێن ، یەکێک لەوانە حاجی ئیبراهی باوکم بووە و دەستگیر کراوە و رەوانەی ئەم شەرە کراوە ، هەروەها دەڵێت :-- من و دایکم و  خوشکم بەدوای باوکمدا کەوتین تاوەکو ئۆردوگای ( رەشکین) چووین ، پاشان باوکم شوون بزر بوو کەس نەیزانی چی بەسەر هات .. منیش ناچار بووم لەم تەمەنە بچووکەدا دەست بە کاسبی بکەم لەگەڵ دایکم ئیشی (سەقا) ییمان دەکرد ، هەموو رۆژێک بە ووڵاخ ئاومان بۆ سەر قەڵات دەبرد و بەسەر ماڵە گەورەکانمام دابەش دەکرد ، لەهەر کاروانە ئاوێک (عانەیەکمان) وەردەگرت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*) ئیدکلۆبیدیای هەولێر /لاپەرە ١٤٩٧ /هەولێر لە ساڵانی شەری یەکەمی جیهانی ١٩١٤-١٩١٨٨ /مەهدی محەمەد قادر - کۆلێزی ئاداب - زانکۆی سەلاحەددین .

الخميس، 26 يناير 2017


شەری ئەربێللا(کۆکامێلا) :- (١)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پێشەکی :-
فلیپی باوکی ئەسکەندەری مەکدۆنی پاش ئەوەی توانی شارەکانی یۆنان لەژێر سەرکردایەتی خۆی یەک بخات ،پاشان کورەکەی خۆی ئەسکەندەری هەلبژارد لە(٣٥٦- ٣٢٣ پ.ز)کە سەرکردایەتی ئەغریقیەکان بکات لە جەنگی دژ فارسیەکاندا .. ئەسکەندەر بیری لە جێ بەجێ کردنی پلانی باوکی کرد ، کە ئەویش داگیر کردنی وولاتی فارس بوو.. لەلایەکی ترەوە دارای ئەخمینی لەدەشتی هەولێر بوو ، لێرەدا پلانی بۆ ئەوە دادەرێشت ، کە سوپای ئەسکەندەری مەکدۆنی رابگری چیتر بەرەو پێشەوە نەیێت .ئەسکەندەر لەبەهاری ٣٣١ پ.ز میری جێهێست و گەیشتە شاری سابساکۆس لەسەر رووباری فورات کە ئێستا پێ ی دەوترێت (رەقە) لەهاوینی ٣٣١ پ.ز دوو پردی دروست کرد کە لە رووباری فورات بەرەو بابل لەسەریانی پەریەوە و رێگای باکووری دۆڵی رافیدێنی گرتە بەر پاشان بەرەو باشوور بەرەو رووباری دیجلە .. ئەسکەندەر کە زانی داراو سەربازگەو سوپاکەی لە شوێنێکی نزیکن لە دەشتی هەولێر ، بەشەو بزاوتی کرد بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەرزاییەکاندا بگریت کە درێژ دەبوونەوە بەدەوری دەشتەکەدا .. لەبەر ئەوی ئەسکەندەر بەخۆی چاودێری ناوچەکەی دەکرد و سەرکردەکانی خۆی کۆ کردەوە و پلانێکیان دانا .. ئەویش بەدانانی ١٦ رێز ،چەکی تیر و ڕمیان پێ بیت پاش پشوێکی شەو بریاریان دا بە رۆژ بجەنگن .
 شەرەکە لە ئەیلوولی ساڵی ٣٣١ پ.ز لە کۆکمێلا (دەشتی هەولێرـ)روویدا ، هەندێ بۆچوونیش هەیە دەڵێن شەرەکە لە تشرینی یەکەمئ ٣٣١ پ.ز روویداوە ، سوپای دارا ژمارەکەی (یەک ملیۆن کەس) و (١٠٠) گالیسکەشیان (عەرەبانە) پێ بوو ، ژمارەی سوار چاکەکانیشی لە سوپای ئەسکەندەر زیاتر بووە ، کەچی سوپای ئەسکەندەر لە (٤٠) هەزار سەربازی پیادە و (٧٠٠) سوار چاک پێکیاتووە. 
مەکدۆنیەکان مەترسی ئەوەیان هەبوو لە پشتەوە یان لە دواوەی سوپاکەیان هێرشیان بکرێتە سەر ، بۆیە ئەسکەندەر پلانێکی توکمەی داریشت، کە کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر رێکخستنی سوپاکەی لە بەرەبەیاندا ، سوار چاکەکانی لە لای چەپ دانا ، رێزەکانی لە ناوەراست دانا ، پیادە چەکدارەکانی ، کە بە چەکی قورس چەکی کردبوون لە لای راستی دانان . سەربازی دانا بوو بەشێوەی لاری تا وەکو بتوانن ئاور لە دوژمن بدەنەوەو ووریای خۆیان بن .شەر دەستی پێکرد سوپای ئەسکەندەر لەلای چەپی سوپای دوژمن دەستی بە بزاوت کرد ، ئەسکەندەر بەلاری بەرەو راستدا رۆیشت و بەردەوامیش بوو لە گواستنەوەی کەتیبە و پۆڵە قورسەکان بەهەمان لا ، دارا فەرمانی دا کە هێرش بکەنە سەر باڵێکی سوپای ئەسکەندەر ، وەک بەرپەچدانەوە ، بەڵام گەورەکانی ئەسکەندەر ،سوارچاکەکانی دارایان تێک شکاند و گالیسکەکانیان بەردا بەلای چەپی باڵێکی سوپای فارسەکاندا ، بەمەو ئەسکەندەر کە سەرۆکایەتی سوارچاکەکانی دەکرد ، ئازایانە سوپای فارسەکانی کردە دوو بەش و رێزەکانی سوپاکەی تێکوپێک شکان ،کە بەتوندی هێرشی کردە سەر سوپای دارا ، بەمەوە شای فارس رێگای خۆی وون کرد و گالیسکەکەی سووراندەوە و هەڵات.

وادیارە دارا بەو کارە تێکچوو و هەوڵی دا بە هۆی چەند مەرجێک کێشەکە لە نێوان خۆی و ئەسکەندەر یەکلایی بکاتەوە و کۆتایی بە جەنگی نێوانیان بێت ، بەوەی ،کێشی (٣٠٠٠٠ ) لە زیو پێشکەشی بکات و کچەکەی خۆشی بداتە ئەسکەندەر . کورەکەشی بە بارمتەیی لە لای ئەسکەندەر بمینێتەوە ، لە بەرامبەر ئازاد کردنی دایک و کچەکەی ، کە ئەسکەندەر دەستگیری کردبوون ،-( هاوسەرەکەی دارا کە بەدیل گیرا بوو ،مرد)- و دەسەلات و فەرمانرەوایی دابەش بکەن ، بەو گوزارشتە کە ئەسکەندەر زاوایەتی ، بەڵام ئەسکەندەر مەرجەکانی دارای رەت کردەوە بە جۆرێک تازە سەرکەوتن وەدەست هات ، کەسی سەرکەوتووش بێ مەرج سەرکەوتن دەخوازی . پاش ئەوەی ماوەیەک لە هەولێر مایەوە بەرەو بابل شۆر بوو ، بۆ ئەوەی عێراق و شوێنی تری وولات داگیر بکات .
دەرەنجامی شەری کۆگامێلا لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەی رۆژهەلاتی ناڤین بە گشتی رەهەندێکی گرنگی لێ کەوتەوە ، بەمەوە ئەسکەندەری مەکدۆنی رێگەی بازرگانی و سەربازی بۆ (هیندستان) کردەوە . کۆگامێلا کەوتوووتە رۆژئاوای رووباری خازر و بە نزیکەی ٢٠ میل باکووری رۆژئاوای شاری هەولێر .. لێرەدا هەندێ لە مێژوونووسان جەنگەکە بەناوی جەنگی هەولێر ناو دەبەن ، چونکە ئەسکەندەر پاش ئەوەی دارای سێیەمی رووخاند دەسکەوتێکی زۆری هێنایە شارەکە ، چونکە سەرکەوتنی ئەو، دەست بەسەر داگرتنی شاری هەولێر بوو ، کە مەترسییەکی گەورەی هەبوو لە هەرێمەکە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١١) هەولێر لە ماوەی داگیر کردنی ئەخمینی و سلوقییەکاندا /دکتۆت سوهەیلە مەجید ئەحمەد /کۆلێژی ئاداب /زانکۆی مووسل . ئەم بابەتە لە ئینسکلۆبیدیای هەولێر /لاپەرە (١٠١٤) وەرگیراوە

الثلاثاء، 17 يناير 2017

پرۆژەی ئاوەرۆی هەولێر (پرۆژەی سەنحاریب) :- (*)
ةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةةة

شای ئاشووری ( سەنحاریب) بەوە ناسراوە ، کە بایەخێکی گەورەی بە پرۆژە ئاوەرۆییەکانی شارەکانی ئاشووری دەدا و ژمارەیەکی زۆر لەو پرۆژانەی ئەنجام دا ، بە تایبەتی ئاوەرۆی هەر دوو شاری نەینەوا و هەولێر .. ئەوەی تایبەتە بە شاری هەولێر ، خەلکی هەولێر زۆر پێویستی بە ئاوی شیرین و سازگار هەبووە ، چونکە ئەو ئاوەی هەبوو بەشیانی نەدەکرد ، بۆیە شا سەنحاریب بیری لەوە کردەوە ، کە پرۆژەیەکی ئاوەرۆی بۆ دابمرزرێنیت . ئەوە بوو  ئاوی ( بەستۆرە)ی هەلبژارد (٧٠٥ -٦٨١پ.ز)، کە جۆگەیەکە لە رووباری زێی گەورە ، جا لەبەر ئەوەی ئەو زەویەی کەوتووتە نێوان ئاوی بەستۆرە و هەولێر ، بەرز نوی زۆر بوو ، سەنحاریب پێ ی وا بوو کە ئەستەمە بتوانی ئاوی رووبارەکە لە رێگای جۆگەلەی ئاو بگەینیتە شاری هەولێر ، هەر وەها لە رووی کرداریشەوە ناکرێ لە شوێنی نزم ئاو بگوازرێتەوە ، بۆیە هیچ رێگایەک لەبەردەمی نەما تەنها ئەوە نەبێت ،کە ئاو بۆ شاری هەولێر لە رێگای نۆکەند (کارێز) لەژێر زەوی بهێنیت . جا لە پێناو بەدی هێنانی ئەو پرۆژەیە بیری زۆر لە ناوچەیەکی پەنگخواردوو لە نێوان رووباری بەستۆرە و شاری هەولێر بە شێوەی زنجیرە کە هەر بیرێک بە نزیکەی ٤٢ مەتر لە بیرەکەی تر دوور بێت وە بەهۆی تونێلی ژێر زەوی بیرەکانی پێک بەستەوە و ، هاوکات بەو هۆیەوە بوو بە نۆکەند و ئاو گەیشتە شاری هەولێر.
 پرۆژەکە لە نزیک گوندێک بەناوی (قەڵامورتکە) کرایەوە، قەڵا مورتکە کەوتووتە باشووری دۆڵی ( بەستۆڕە) و بە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێر دوورە .
بەرێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری عێراق ، شوێنەواری ئەو نۆکەندەی لە ساڵی ١٩٤٧ دۆزییەوە . لە لایەک زارگەکەی دیوارێک کە لە بەر دروست کراوە رووخاو بوو ، لەسەر یرکێ لەو بەردانە ئەو نووسینە نووسرابوو :- {ئەز سەنحاریبم شای جیهان و ئاشوور ، سێ رووبارم لە چیای ( خانی) (**)هەلکەند لەسەرووی شاری هەولێر. نیشتمانی خاتوونی گەورە خوداوەندی عەشتار } .
سەنحاریب ئاوی ئەو رووبارانە بەراستی هێنا ، پاشان قۆناغێکی دیکە بوو بە پاشگری ئەویش ئاوی کانیاوەکان کە کەوتووتە نزیک گوندەکان ( خۆران - هاتان - دنجیزاوە)پاشان نۆکەندەکە هەلکەندرا و درێژ بووەوە تا گەیشتە ناوەراستی شار . بەمەوە دەسکەوتێکی زانستی گەورە لە بواری ئاوەرۆ بەشێوازێکی سادە بەدیهات و بوو بە بەڵگەیەکی سەلمێنراویش لەسەر گەورەیی شارستانیەتی کۆنی هەرێمەکە و رەسەنایەتییەکەی و پێش شارستانییەتەکانی دیکەش کەوتووە .
 شایانی باسە دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە نەینەوا پایتەختی دەوڵەتی ئاشووری لەسەر دەستی بابل و ئیلامییەکان لەساڵی ٦١٢ پ .ز نشووستی هێنا . دوای ئەو شاری هەولێر هەر لە دەستی ئەوان نشووستی هێنا ، بەڵام پیرۆزی شاری هەولێر و رێزگرتن لە پەرستگا گەورەکە ، پەرستگای عەشتار ، بوو بە یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ئەو شارە لە داگیر کردن و کاولکاری بپاڕێزرێ ، کە بەسەر شاری نەینەوا داهات دادەنرێت . هەروەها بەڵگەیەکیشە لەسەر گەورەیی شاری هەولێر هەر لەدێر زەمانەوە ، نەک هەر لە لای رۆڵەکانی و خۆشەویستانی بگرە لای ناحەزانیشی .
بەمە و دەشێ ئەوە بڵێین مێژووی شاری هەولێر پەیوەندی بە مێژووی کۆنی دوو رووبارەوە هەیە بەپێ ی ئەو قۆناغە شارستانییە دوور و درێژە بەهەزاران ساڵ تێپەر بووە .
ئەو شارە ویستگەی تێروانین و بایەخدانی هەموو دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکان بووە ، کە لەسەر خاکی رافدین یەک لە دوای یەکەوە هاتوون . ئەمەش خۆی لەخۆیدا راڤە بەمانەوەی ژیان دەدات لەو شارە کە لە هەموو زەمەن و سەردەمێکدا ، شارستانیەتی بە خۆوە دیوە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 *)ئینسکلۆبیدیای هەولێر ( هەولێر لەسەردەمی ئاشوورییەکاندا / دکتۆر عونی عبدالرحمن السبعاوی / کۆلێجی ئاداب - زانکۆی موسڵ) / لاپەرە ٩٩٠ .

 **) مەبەستی لە چیای خانی ، ئەو جیایانەیە کە کە دەنوارنە دۆڵی بەستۆرە کە ئێستا پێ ی دەڵێن خانزاد و سەلاحەلدین .

السبت، 14 يناير 2017