بحث هذه المدونة الإلكترونية

الخميس، 21 يوليو 2016




علی حیدر سلیمان ١٩٠٥ -١٩٩١ / بەشی یەکەم
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
عەلی حەیدەر سولەیمان ،کوری گەورەی سولەیمان بەگی کوری عەلی بەگی سلاح شور زادەیە ، لەنەوەی میری سۆرانە و دەچیتە سەر میر ئەحمەد بەگی مامی محەمەد پاشای رواندزی .... لەساڵی ١٩٠٥ لەشاروچکەی رواندز لەدایک بووە .(١)
عەلی حەیدەر لە تەمەنێکی گچکە ناردرا بۆ بەغداد بۆ خوێندن ، بەلام ، بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەم گەراوە رواندز ، کە گەیشتە رواندز بینی مالەکەیان سووتاوە ودایک و باوکی دەستگیر کراون .. ناچار بوو دوو براکەی لەگەل خۆی بردە مووسل و بەخێو کردنیانی لە ئەستۆ گرت .. پاش چەند ساڵێک لە بازرگانی کردن لە نێوان (مووسل و حەلەب) لەگەل داپیری ، لەمووسل جێگیر بوو و سەرلەنوێ دەستی بە خوێندنی سەرەتایی کرد و لە ساڵی ١٩٢٢ خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد .
لەقۆناغی خوێندنی دواناوەندی ،(کۆمەلەی راپەرینی قوتابیان)ی دروست کرد ، پاشان ئەلقەیەکی رێکخستنی نهێنی قوتابیانی لە مووسل دروست کرد بۆ دابەشکردنی بلاو کراوە و پەخشنامە سیاسیەکان لە شاری مووسل .
لە ساڵی ١٩٢٤ -١٩٣٠ لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت ،زانستە سیاسیەکانی خویند وبروانامەی تیادا وەرگرت (٢).. کە لەبەیروت دەیخویند ، ئەندامێکی چالاکی (کۆمەلەی عێراقی)بوو ، پاشان بووە سەرۆکی کۆمەلەکە ، هەروەها لەدوا ساڵی خوێندنی لە زانکۆی ئەمریکی ، چەند لێکۆلینەوەی بلاو کردەوە ، لەوانە :-
- لێکۆلینەوەیەک لەسەر (بەرێوەبردنی شارەوانی) بۆ مامۆستای سیاسەت (پرۆفیسۆر ریچاد) .
- لێکۆلینەویەکی تر لەسەر (نەتەوە) بۆ مامۆستای مێژوو (پرۆفیسۆر هنکی)..
لەبەر یەکەم دەرچوونی لە دوو ساڵی یەکەمی لە زانکۆ ،عەلی حەیدەربە نوێنەری زانکۆی ئەمریکی هەلبژێردرا ، لە ئەلقەی لێکۆلینەوەی کاروباری نێو دەولەتی لە (سویسرا)..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) ئینسکلۆبیدیای هەولێر/ لاپەرە ٤٥٥٥ / کەریم شارەزا .
(٢) هەولێر نێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٧٠ /د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو/لاپەرە ٧٨ .






علی حیدر سلیمان ١٩٠٥ -١٩٩١ / بەشی سێیەم
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەگەر لەسووری خزمەتەکانی عەلێ حەیدەر وورد ببینەوە ،بۆمان رۆن دەبیتەوە کە ، رۆلێکی باشی لەدیبلۆماسیەتی عیراق و لە سیاسەت گێراوە، هەر وەکو زانراوە ، ئەم پۆستانەی هەبووە :-(٤) 
- لە ساڵی ١٩٣٥ کراوە بە یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
- لە ساڵی ١٩٣٧ گۆزراوەتەوە بۆ سلکی دبلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و کراوە بە سکرتێری (مفەوەزییەی عێراق) لە رۆما پایتەختی ئیتالیا ، پاشان گۆزراوەتەوە بۆ قاهیرە پایتەختی میسر .
- لە ساڵی ١٩٤٨ -١٩٥٤ سێ جار نوێنەری لیوای هەولێر بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
- لە ١٩ی ئابی ١٩٤٨ کرا بە وەزیری کاروباری کۆمەلایەتی عێراق.
- لە ١٠ ی کانونی یەکەمی ١٩٤٩ پۆستی وەزیری گەیاندن و ئەشغالی پێدرا .
- لە ساڵی ١٩٥٦ بووە بالیۆزی عێراق لە (بۆن) پایتەختی (ئەلمانیای رۆژ ئاوا).
- دوای شۆرشی ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ ، کرا بە وەکیلی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
- لە ساڵی ١٩٥٩ بووە بالیۆزی عێراق لە واشنتۆن پاشان لە سویسرا.
- لە ساڵی ١٩٦٦ بووە بالیۆزی عێراق لە (رۆما).
لەبەر ئەوەی حکومەتی عیراق و سەرکردایەتی کورد ، متمانەیان پێ هەبووە ، بۆیە رۆلی زۆری هەبووە لە دانوستانەکانی دەسەلات و شۆرشی کورد.(٥)
عەلی حەیدەر لە (٥)ی ئەیلولی ١٩٩١ لە بەگدا کۆچی دوایی کردوە و هەر لەوێ نێژراوە .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(٤)ئینسکلۆبیدیای هەولێر/ لاپەرە ٤٥٥٥ / کەریم شارەزا.
(٥)هەولێر نێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٧٠ /د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو/لاپەرە ٧٨.


 




علی حیدر سلیمان ١٩٠٥ -١٩٩١ / بەشی دووەم
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لەساڵی ١٩٣٠ گەراوە عێراق و لەبەغداد بە مامۆستا دامەزرا لە قوتابخانەی دواناوەندی و خانەی مامۆستایان ، هەر وەها وانەبێژ بوو لەقوتابخانەکانی(حەربییە و کەرخ و تەفەییض).
عەلی حەیدەر ، دوو کتێبی دانا بەناوی (مێژووی شارستانیەتی ئەوروپی/١٩٣٢)،(مێژووی ئەوروپای نوێ /١٩٣٧) ، کتێبی یەکەم بووە هۆی پەست بوونی بەرپرسان و تومەتبار کردنی بە (شۆرشگێری) ، بۆیە لە مامۆستایەتیەوە گواستراوە بۆ پشکنینی قوتابخانەکان(التفتیش المدرسی)(٣) ، پاشان بۆ دیوانی وەزارەتی (معاریف) و بووە (بەرێوەبەری ئەزموونەکان و بلاو کراوەکان و وەرگێران).
عەلی حەیدەر ، پاش گەرانەوەی لە بەیروت ،بیرۆکەی (دامەزراندنی دەولەتی کوردی) لە مێشکی چەقی بوو ..کە لێ یان دەپرسی ، بە پێکەنینەوە دەیگوت: باوکم کوردە خەلکی رواندزە .. بۆیە خەباتی دەکرد بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە پەروازەی رزگار کردنی عێراق لە ئیستیعماری بریتانی ، دوژمنی نەتەوەکانی ناوچەکە.. بەم شێوەیە ، کێشەی کوردی ،لەسەنگەری دژ بە ئیستعمار دادەنا .
عەلێ حەیدەر لەساڵانی ١٩٣١ ، ١٩٣٢ ، ١٩٣٣ بەشداری کرد لە مانگرتنی بەغداد لە دژی باجەکانی شارەوانی و لە نووسین لە رۆژنامەی (الاهالی) و ئەندامێکی چالاک بوو لە ( ئەنجوومەنی نەهێشتنی نەخویندەواری) و رۆلێکی گەورەی هەبوو لە نەهێشتنی نەخویندەواری لە ناوچە کوردیەکان ، بە تایبەتی لە (لیوای هەولێر) کە ، یەکەم قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێدەواری لە ١٩٣٤/٧/٢١ لە هەولێر کراوە و ژمارەی قوتابیانی (١٩٥) قوتابی بوو و لە چوار پۆڵ دانرابوون ، ئەوەی شایانی باسە ، لە کردنەوەی قوتابخانەکە ، لەسەر ئەرکی پارێزەر( محەمەد عەلی ئەفەندی موختار) کارەبای بۆ راکێشرا و (شێخ حوسین ئەفەندی)بەرێوەبەری قوتابخانەی(الثانیة) ، چەند رێنماییەکی پێشکەش کرد بۆ هاندانی دانیشتوانی هەولێر ،تا پەیوەندی بە قوتابخانەکە بکەن .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(٣) مجلة (الجریدة)/وثائق /علی حیدر سلیمان .. الشخصیة الکردیة العراقیة/شهاب احمد الحمید .



 








شیت مستەفا چەلەبی ١٩١٤-١٩٧٣:-(١)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ناوی تەواوی (شیت مستەفا عومەر چەلەبی)یە ..لەساڵی ١٩١٤ لەشاری هەولێر لەدایکبووە ... خوێندنی سەرەتایی لەهەولێر و کەرکوک تەواو کردوە و خوێندنی دواناوەندیشی لە بەغداد لە دواناوەندی (مەرکەزی )تەواو کردووە ..لەساڵی ١٩٣٤-١٩٣٥ کۆلێجی مافی تەواو کردوە و بووەتە پارێزەرێکی یاساناس لەهەولێر .
- لە ساڵی ١٩٣٥ ئیمتیازی دەرچواندنی گۆڤارێکی کوردی بەناوی (رووناکی) وەرگرتوە کە یەکەم ژمارەی لە ١٩٣٥/١٠/٢٤دا دەرچووە و هەتا١٩٣٦/٥/١٦ ١١ ژمارەی دەردەچوێنی و مێژوونووس و رۆژنامەگەر(حوسێن حوزنی مۆکریانی)کاروباری نووسین و چاپی لە ئەستۆ گرتبوە ..
ووتارەکانی مامۆستا شیت لەم گۆڤارەدا لەسەر چاکسازی نەتەوەیی و کۆمەلایەتی بووە ، وەک ووتاری (موشکیلەی بێ ئیشی) و (بۆ کور و کچی خۆمان) و(ژیانی رەوەند وکرمانج) و(روحی قەومیەت و تەجەدودی ئیجتیماعی).
لەدوای داخستنی گۆڤاری رووناکی ،مامۆستا شیت لە پایزی ١٩٣٦ کراوە بە دادوەر لە (کفری ، ئامێدی ، سلێمانی ،هەولێر)و ماوەیەکی زۆر لە سلێمانی ژیاوە.
لە رۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لەسەر دەمی حوکمرانی بەعسیەکان ، بە فەرمانی زەعیم (صدیق مستەفا) لەگەڵ خەلکێکی زۆر دەگیری ، بەلام کە دەزانن دادوەرێکی خانەنشینە ، بەری دەدەن ، ئەوەی شایانی باسە ، گەلێک لەو گیراوانە بە ناحەق لەناو ئۆردوگای سلێمانی شەهید دەکرێن .
مامۆستا شیت دوا قۆناغی ژیانی لەمووسل بەسەر دەبات و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبیت و لە بەرواری ١٩٧٣/٨/٢٨ لەنەخۆشخانەی مووسل کۆچی دوایی دەکات،
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) ئینسکلۆبیدیای هەولێر/کەریم شارەزا/لاپەرە ٤٤٩٥ .

لەسالی خوێندنی ١٩٥٨-١٩٥٩... مامۆستا ی ئینگلیزیمان (جمال داود) تیپێکی دروست کرد بۆ مۆسیقاو گۆرانی ، ئەگەر چی من لەتیپەکەدا بووم ،بەلام مەلا جەرجیس و شیرزاد مامسال رۆلی گرنگیان هەبوو ،دەنگیشیان خۆشبوو..ئەم وێنەیەی مەلا جەرجیس دەگەریتەوە سالی ١٩٥٩ ،لەگێرانی ئاهەنگێک لەیانەی فەرمانبەرانی هەولێر.